هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆکارەکانی کەمکردنەوەی ژمارەی بانکە کاراکانی هەرێمی ڕاگەیاند و جەخت لەسەر بەردەوامیی خزمەتگوزارییە بانکییەکان دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییکان، پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغدا تێپەڕیوە؛ بە جۆرێک لە کۆی ١٢٢ بانکی پێشوو، لە ئێستادا تەنیا ٢٥ بانک کارا کراون. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی ژێرخانی دارایی و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی سیستمی بانکییە.
ئەوەش زانراوە، کە سەرەڕای کەمکردنەوەی ژمارەی بانکەکان، پڕۆسەی وەرگرتنی مووچە و خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ کارمەندان بەردەوامە و لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە، ڕێکارەکان ئاسانتر کراون و هاووڵاتییان دەتوانن بە شێوازێکی سەردەمیانە کارە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.
هەروەها ڕوونکراوەتەوە کە ئەو بانکە ناچالاکانەی دیکە، بە هۆی نەبوونی مەرجە پێویستەکان یان تێکەڵکردنیان لەگەڵ بانکە چالاکەکاندا، پڕۆسەی کارکردنیان ڕاگیراوە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەدیهێنانی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان نابێت.
ئەم ڕێکخستنەوەیە لە کاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕۆتینی کارگێڕی و گواستنەوە بۆ سیستمی بانکیی نوێ، تاوەکوو هاووڵاتییان بەبێ کێشە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات.