هەرێم نیوز
میخائل ئۆلینانۆڤ، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ڤییەنا، ڕایگەیاند، کە بردنە دەرەوەی پاشماوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات کارێکی ناچاری و پێویست نییە، و هەر هەنگاوێک لەم بوارەدا بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی تارانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی 6ـی 2026، ئاژانسی "ئیسنا"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، کە نوێنەری ڕووسیا لە ڤیەنا ئاماژەی بەوە کردووە، گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە پێویستییەکی حەتمی نییە، و جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش بە شێوەیەکی سەرەکی پێویستی بە ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی لایەنی ئێرانی هەیە.
ناوبراو ڕوونیشی کردووەتەوە، لە ڕووی بیرۆکەوە، ئەگەر هەردوو لایەنی گفتوگۆکار (تاران و واشنتن) بگەنە ڕێککەوتنی هاوبەش، ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەمدایە کە ئەویش کەمکردنەوەی خەستی و ڕوونکردنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیە لە ناوخۆی خاکی ئێراندا.
هاوكات جەختیشی کردووەتەوە، کە هێشتا گۆڕینەوەی نامەکان لە نێوانیاندا بەردەوامە و لە ئێستادا یەکجار زووە بۆ هەر جۆرە پێشبینی و گومانێکی پێشوەختە لەم بارەیەوە.
ئەم لێدوانە ئەرێنییەی نوێنەری ڕووسیا لە کاتێکدایە، کە پێشتر هەندێک لە سەرچاوە ئێرانییەکان باسیان لە سستبوون و وەستانی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن دەکرد، بەڵام پێدەچێت هێشتا هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە ئارادابێت.