دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

ترەمپ بە توندی هێرش دەکاتە سەر ناتانیاهۆ و هۆشداریی توندی پێدەدات

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توند و بێپێشینەدا، هێرشی کردووەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی لوبنان.

بەپێی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، ترەمپ نیگەرانیی قووڵی خۆی لە سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە توندکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە دەگەیەنێت. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ بە زمانێکی زۆر توند قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە و تەنانەت بە "شێت و سپڵە" ناوزەندی کردووە.

لە بەشێکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ترەمپ بە ناتانیاهۆی گوتووە:
"ئەگەر پاڵپشتییەکانی من نەبووایە، ئێستا تۆ لە زیندان بوویت؛ من تۆم ڕزگار کرد. بەهۆی ئەم کارانەتەوە ئێستا هەمووان ڕقیان لە تۆ و لە ئیسرائیلە."

لێکەوتە هەرێمییەکان و هەڵوێستی ئێران
میدیا ئەمریکییەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەم گرژییە توندەی نێوان هەردوو سەرکردەکە لە کاتێکدایە، کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستانە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کردبوو، وەک پەرچەکردارێک دژ بە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان.

سەرەڕای توندیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی سەکۆی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال" (Truth Social) ڕایگەیاند، کە لە دوای گفتوگۆکان، ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ڕازی بوون بە ڕاگرتنی هێرشە هەمەلایەنەکان بۆ سەر یەکتر، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی کاتیی دۆخە ئاڵۆزەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP