دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

فەرماندەیەکی باڵای ئێران: کێشەمان لەگەڵ جەنگدا نییە و تەنانەت ئەگەر ناتۆش بێتە ناو گۆڕەپانەکە ئامادەین

هەرێم نیوز

لە پەرەسەندنێکی نوێی زارەکی و سەربازیدا، جێگری فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمەلئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی چاوەڕێی هەموو ڕووداوەکان دەکات و هێشتا کارتە براوەکانی خۆی لە بەرامبەر واشنتن بەکارنەهێناوە، جەختیش دەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانی تاران لە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک سڵ ناکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، سەردار محەممەد جەعفەر ئەسەدی، جێگری فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمەلئەنبیای ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی تاران و ڕایگەیاند: "چەندین جار جەختمان کردووەتەوە کە هێشتا هەموو کارتە براوەکانی خۆمان ئاشکرا نەکردووە؛ چەندین کارتی کاریگەر و توندی دیکەمان بەدەستەوەیە کە ئەگەر پێویست بکات لە کاتی خۆیدا دژی دوژمنان بەکاریان دەهێنین."

ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران ئاماژەی بە پارێزراویی ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەو شوێن و ناوەندانەی ئێستا بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی و پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکانمان بەکاریان دەهێنین، بە تەواوی لە چاوی مانگە دەستکردەکان و هەواڵگریی دوژمن شاراوەن و هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنە ڕاستەقینەکانیان نییە."

سەردار ئەسەدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەوڵی تاران دەکەن بۆ پەرەپێدانی چەکی کۆکوژ و ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستی بە چەکی ئەتۆمی نییە؛ چەکی باڵا و بۆمبی ئەتۆمیی ڕاستەقینەی ئێمە، گەلەکەمانە."

هەروەها جەختی لەسەر ستراتیژیی نەچەمانەوەی تاران لە بەرامبەر کۆشکی سپی کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک تەسلیم بە ویستەکانی ئەمریکا نابین. تەنانەت ئەگەر هیچ جۆرە چەکێکیشمان نەبێت، بە بەرد دەچینە جەنگی ئەمریکاوە، چونکە ئێمە چاوەڕێی ڕووداوەکانین و کێشەمان لەگەڵ جەنگدا نییە؛ تەنانەت ئەگەر ناتۆش بە تەواوی هێزییەوە بێتە ناو گۆڕەپانی پێکدادانەکانەوە، ئێمە ئامادەین و هیچ نیگەرانییەکمان نییە."

ئەم لێدوانە ئاگرینانەی بەرپرسانی سەربازیی تاران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی یەکجار هەستیاری ئاڵوگۆڕکردنی هێرشە ئاسمانییەکان لە نێوان سوپای ئەمریکا و هێزەکانی سەر بە ئێراندا تێپەڕ دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP