دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی لە بەغداوە: دیدار و کۆبوونەوەی زۆر باشمان هەبوو؛ داکۆکیمان لە مافەکانی خەڵک کردووە

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییهاتنی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ بەغدا ڕایگەیاند کە دیدار و کۆبوونەوەی زۆر باشیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق هەبووە و تێیدا بە توندی داکۆکی لەسەر سەرجەم مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کراوەتەوە.

ئەمشەو یەکشەممە، 24ـی 5ـی 2026، مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی دواین دیدارەکانیدا لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و بە ئامادەبوونی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا کرایەوە.

سەرۆکی حکومەت لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: "داوامان کردووە مووچەی خەڵکی هەرێم وەک هاووڵاتییانی دیکەی عێراق تێکەڵ بە هیچ بابەتێکی سیاسی نەکرێت، و وەڵامی ئەرێنیمان لە بەرپرسان بیستووە."

 ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی ناردنی مووچە بە بەردەوامی بمێنێتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئابووری و داهاتەکان، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد: "ئێمە بە بەرپرسانی بەغدامان گوتووە کە ئامادەین نیوەی ئەو داهاتەی ئێستا لە هەرێم هەیە، وەک مانگەکانی پێشوو بۆ حکومەتی فیدراڵی بنێرین بۆ ئەوەی ئەوانیش بەردەوام بن لە ناردنی مووچە."

 جەختیشی کردەوە کە پێویستە پارێزگاکانی هەرێم بواریان پێ بدرێت داهاتی نەوتی و نانەوتیی خۆیان زیاد بکەن.

لەسەر ئاستی سیاسیی عێراق، سەرۆکی حکومەت هیوای خواست لە دوای جەژن کابینەی وەزاریی حکومەتی عێراق تەواو بکرێت و بڕیارە کۆبوونەوەکان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو و دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینە نوێیەکەی (عەلی زەیدی) دەستپێبکەنەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا سەرنجی هەولێر لەسەر شێوازی پەیوەندییەکانی داهاتووە نەک ڕابردوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP