هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دڵنیایی دایە لایەنی ئیسرائیلی و جەختی کردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێراندا واژۆ ناکات، ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی هەڵنەوەشێنرێتەوە و سەرجەم کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو وڵاتە نەبرێنە دەرەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ٥ـی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، کە ئەم گفتوگۆیە شەوی ڕابردوو ئەنجام دراوە و تێیدا ترەمپ هەوڵی داوە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێستای واشنتن و تاران بڕەوێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمریکا لە ئێستادا لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ ئێران ڕێککەوتووە کە ئامانجی درێژکردنەوەی ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە و کردنەوەی گەرووی هورمزە، لە کاتێکدا پرسی سەرەکیی بەرنامە ئەتۆمییەکە دواخراوە بۆ گفتوگۆکانی ناو ئەو ماوە دیاریکراوە.
ئەمەش بەرپرسانی ئیسرائیلی نیگەران کردووە، چونکە لە قۆناغی یەکەمدا تاران ناچار نەکراوە یۆرانیۆمە بەرزپیتێنراوەکەی ڕادەست بکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بە نەتانیاهۆیی ڕاگەیاندووە کە لەسەر مەرجە کۆنەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ ئەمەشدا، دەفتەری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە واشنتن لە نزیکەوە هاوبەشیی پێ بە ئیسرائیل کردووە لە پرۆسەی ڕێککەوتنەکەدا، و نەتانیاهۆ سوپاسی پابەندبوونی بێوێنەی ترەمپی کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەم لێکتێگەیشتنە سەرەتاییە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبولڵای لوبنانیش دەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی خاڵی چەککردنی حزبولڵای تێدابێت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەکسیۆس، ئیسرائیل مافی تەواوی پارێزراو دەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی ئەگەر حزبولڵا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبێت، کە ئەمەش خاڵێکە ترەمپ پشتگیریی لێ کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە ئەمشەو نەتانیاهۆ لەگەڵ کابینەی ئەمنیی وڵاتەکەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکات، بەهۆی نیگەرانیی بەشێک لە بەرپرسان لە تەلئەبیب کە پێیان وایە پێدانی کات بە تاران و خستنەپێشی دۆسیەی گەرووی هورمز، دەرفەتی زیاتر دەداتە کۆماری ئیسلامی.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە تاران لە قۆناغی یەکەمدا بە هیچ شێوەیەک ڕازی نەبووە بە گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی خۆی بۆ دەرەوە، لە کاتێکدا ئەم لێکتێگەیشتنە دەبێتە هۆی سووککردنی بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تاران، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئازادکردنی بڕی ٢٥ ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە بانکە دەرەکییەکاندا.
هاوکات مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند پێشکەوتنی گەورە لە ئارادایە، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنەکە نهایی نییە و جەختی کردەوە کە تا ترەمپ لە کۆشکی سپی بێت ڕێگە بە ئێران نادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرەڕای ئەمەش، لە ناوخۆی ئەمریکادا شەپۆلێکی ڕەخنە لە لایەن کۆمارییەکانەوە سەریهەڵداوە و سیناتۆر تێد کروز و لیندسی گراهام هۆشداریی توندیان داوە کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە ببێتە هۆی پێدانی ملیارەها دۆلار بە تاران و بەردەوامیی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوا ئەم هەنگاوە دەبێتە هەڵەیەکی کارەساتبار و کابوسێکی گەورە بۆ سەر داهاتووی ئاسایشی ئیسرائیل.