دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئۆمێد سەباح: لەپێناو دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران هەرچی پێویست بێت لەسەر هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەین

هەرێم نیوز

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغداوە ڕایگەیاند، کە لەپێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی کوردستان ئامادەیە هەرچییەکی لەسەر بێت جێبەجێی بکات. 

 ئاشکراشیکرد کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی بەڵێنی داوە گەرەنتیی ئەمنی بداتە کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ٥ـی ٢٠٢٦، دکتۆر ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان تیشکی خستە سەر دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان شاندی باڵای هەولێر و بەرپرسانی فیدراڵ و ڕایگەیاند، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان داوای گەرەنتیی ئەمنییان لە بەغدا کردووە، لە بەرامبەردا عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ئەو خۆی ڕاستەوخۆ ئەو گەرەنتییە ئەمنییە دەداتە کۆمپانیاکان. 

ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارە ڕاستەوخۆ دوای پشووەکانی جەژن، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان بگەڕێتەوە بەغدا.

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکانیاندا بە چڕی گفتوگۆیان لەسەر پرسی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدای گومرگی کردووە، و لەم چوارچێوەیەدا هەر دوێنێ نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە مەبەستی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەنجومەنی وزاریی ئابووریی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم تێبینییە تەکنیکییەکان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئۆمێد سەباح ئاماژەی بەوە دا، کە بڕیارە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرکردایەتیی ڕەوتی حیکمە ئامادە بێت، و تیمی هەرێم لەوێدا بە چڕی قسەی لەگەڵدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی بابەتە داراییەکان. 

جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیەش بە هەر هۆکارێک نەکرێت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵە دیپلۆماسی و یاساییە بەردەوامەکانی خۆی ناکەوێت تاوەکو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بە تەواوی مسۆگەر دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP