دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

تەسنیم: تەنانەت بە ڕێککەوتنیش دۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕ؛ تاران مەرج بۆ واشنتن دادەنێت

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی فەرمیی ئێران (نزیک لە سوپای پاسداران)، پەیامێکی ئاگادارکەرەوە و توندی لەبارەی چارەنووسی گەرووی هورمز بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنانەت ئەگەر ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشنیازکراوی نێوان تاران و واشنتن واژۆش بکرێت، دۆخی ئەمنیی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش هەڵگیرسانی شەڕەکە.

مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژە و هەڕەشەی بەکارهێنانی "شێوازی جیاواز"
بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ئاژانسی تەسنیم، لە ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە کە پێویستە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بۆ ئاستی ئاسایی پێشووی خۆی بگەڕێتەوە. ئاژانسەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر واشنتن پابەند نەبێت، تاران بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی مافی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا، ئەوەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی (شێوازی جیاواز) کە لە داهاتوودا وردەکارییەکانی ڕادەگەیەنرێن."

تەسنیم ئاشکرای کردووە کە لێکتێگەیشتنەکە بە ڕوونی جەخت لەسەر هەڵگرتنی گشتی و تەواوەتیی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لە ماوەی ئەو ٣٠ ڕۆژەدا دەکاتەوە، و جێبەجێ نەکردنی ئەم بڕگەیەش لەلایەن ئەمریکاوە، بە مانای گۆڕانی ڕاستەوخۆ و توند دێت لە دۆخی سەربازیی گەرووەکەدا. هۆشداریش دراوە کە هەر گۆڕانکارییەک لە ترانزێت و کەشتیوانیدا، تەنها بەو مەرجە دەبێت کە ئەمریکا باقی بەڵێنەکانی دیکەی جێبەجێ بکات.

پاشخانی ململانێکان؛ ترەمپ ڕێککەوتنی پێشوەختە ڕادەگەیەنێت
ئەم هۆشدارییە توندەی میدیای فەرمیی ئێران لە کاتێکدایە، کە درەنگانی شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێکی پێشوەختە و گرنگ لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوە کە مەرجی سەرەکییەکەی بریتییە لە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز.

هاوکات، پێشتر هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی ئاشکرای کردبوو کە واشنتن ڕازی بووە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دانوستانی چڕ لەسەر هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی سزا ئابوورییەکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران بکات. بەڵام وەک گارانتییەک، ئەو هێزە دەریایی و سەربازییە گەورانەی ئەمریکا کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووی جەنگەکەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کرابوون، لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنی کۆتایی و هەمیشەیی لە نێوان هەردوولادا ئیمزا دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP