دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

قاسم ئەلئەعرەجی بۆ مەسرور بارزانی: شانازی بە خەبات و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانەوە دەکەین

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوە باڵاکانیدا لە بەغدای پایتەخت، لەگەڵ قاسم ئەلئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا پرسی هەماهەنگیی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیریی وڵات تاووتوێ کرا.

شانازیکردن بە مێژوو و قوربانییەکانی هەرێم
لە سەرەتای دیدارەکەدا، قاسم ئەلئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بە کات و گرنگیی تایبەتی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە لە بەغدا بە تەواوی شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین، کە مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانییەکی زۆری هەیە، و لە ڕابردوو و ئێستاشدا ڕۆڵێکی سەرەکی و دیاری لە بنیادنان و هێنانەدیی سیستەمی سیاسیی نوێی عێراقدا گێڕاوە."

لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی سوپاسی هەڵوێست و ڕۆڵی گرنگی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی کرد لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گشتیی عێراق، هاوکات پێزانینی بۆ پشتگیرییە هەمیشەییەکانی ناوبراو بۆ دابینکردنی مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەربڕی.

پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێ و ڕێزگرتن لە فیدراڵیەت
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە تەوەرێکی سەرەکیدا، هەردوولا هاوڕا و کۆدەنگ بوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی تەواوی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی عێراق بەبێ جیاوازی.

مەسرور بارزانی و ئەلئەعرەجی دووپاتیان کردەوە، کە کلیل و بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بریتییە لە ڕێزگرتنی تەواو لە دەستووری هەمیشەیی، پاراستنی سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی قەوارەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP