هەرێم نیوز
لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانیدا لە بەغدای پایتەخت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە (سەرکردەی دیاری پێکهاتەی سوننە) کۆبووەوە؛ دوای کۆبوونەوەکەش خەنجەر ئامادەیی تەواوی بۆ پشتگیریکردن لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نیشان دا.
دیدگایەکی ڕوون بۆ چارەسەری کێشەکان
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ و بنیادنەرمان ئەنجامدا؛ خۆشبەختانە ئێستا دیدگایەکی ڕوون و هاوبەش لە نێوان لایەنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە."
خەنجەر ئاماژەی بە کاتی سەردانەکە کرد و گوتی: "سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کات و دۆخە هەستیارەی ئێستادا، زەمینە خۆش دەکات بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە و جیاوازییەکان؛ ئێمە پێمان وایە ئەمە سەردانێکی تەواو سەرکەوتوو بوو، و وەک هێزە سیاسییەکان زۆر پێویستمان بەم جۆرە کۆبوونەوە ڕاستەوخۆیانە هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتر."
پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییە چۆڵەکان لە دوای جەژن
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "بڕیاردراوە کە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوکردنی کابینە وزارییەکە بکرێت، و لە دوای پشووی جەژن کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە چڕی بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی زۆر نزیكدا دەنگ لەسەر ناوی کاندیدی ئەو وزارەتانە بدرێت کە تا ئێستا بێ وەزیر ماونەتەوە، تاوەکو حکومەتی نوێی فیدراڵ بە تەواوی جێگیر بێت."