هەرێم نیوز
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە، چەند زانیارییەکی یەکلاکەرەوە و هەستیاری لەسەر ناوەڕۆکی ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران ئاشکرا کرد، کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦) بە فەرمی ڕابگەیەنرێت و کۆتایی بە دۆخی جەنگ بهێنێت.
ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە و کردنەوەی گەرووی هورمز
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ لەخۆدەگرێت، کە دەکرێت بە ڕەزامەندی هەردوولا بۆ ماوەی زیاتریش درێژ بکرێتەوە. لەو ماوەیەدا گەرووی هورمز بە تەواوی بە ڕووی کەشتیوانیدا دەکرێتەوە و دانوستانەکان لەسەر دۆسیە بنەڕەتییەکان بەردەوام دەبن.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت و هەندێک لێخۆشبوونیش لە سزاکان دەردەکات بۆ ئەوەی تاران بتوانێت بە ئازادی نەوتەکەی بفرۆشێت. واشنتن بە ئێرانی ڕاگەیاندووە کە ئازادکردنی سامانە سڕکراوەکانی لە بانکە جیهانییەکاندا، بەندە بە پێشکەشکردنی سازشی بەرجەستە لەسەر زەوی.
دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی و یۆرانیۆم
لە گرنگترین بەندەکانی ڕەشنووسەکەدا هاتووە، ئێران پابەند دەبێت بەوەی کە "هەرگز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، هاوکات تاران ڕازی بووە بەوەی کە تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ناوخۆی ئێران نەهێڵرێت و لە وڵاتەکە دەر بکرێت؛
ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپە لەم دانوستانەدا کە پرەنسیپی سەرەکیی توندکردنی کۆتوبەندەکان بووە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکاش، لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە، تەنها لە ئەگەری ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییدا نەبێت.
کۆتاییهاتنی شەڕی لوبنان و نیگەرانییەکانی ناتانیاهۆ
ڕەشنووسەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی ئەم لێکتێگەیشتنەوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان کۆتایی دێت. لێرەشدا ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆی بە ترەمپ گەیاندووە سەبارەت بەو مەرجە.
بەڵام بۆ ڕازیکردنی تەلئەڤیڤ، ڕێککەوتنەکە ماف و ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات کە لە ناوخۆی لوبناندا هەنگاوی سەربازی بنێت ئەگەر حزبوڵڵا هەوڵی دووبارە چەکدارکردنەوەی خۆی بدات. کۆشکی سپی هیوادارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دوایین ناکۆکییە وردەکان چارەسەر بکرێن و ئەمڕۆ بە فەرمی دەقەکە ڕابگەیەنرێت.