هەرێم نیوز
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، کە ئابووری ئێران بەهۆی گوشارەکانەوە هەرەسی هێناوە و زۆربەی بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە وەستاون، و هۆشداریشی دا کە واشنتن ڕێگە بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی 5ـی 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، کە گوشارەکان گەیشتوونەتە "قۆناغی بڕینی دوایین دۆلار". ڕایگەیاند، کە هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە 70% و دراوی ئەو وڵاتە لە پڕۆسەی هەرەسهێنانی تەواوەتیدایە، تەنیا گەمارۆ دەریاییەکان ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتی تاران دەدەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێران بە پیتاندنی یۆرانیۆمی 60% لە ناو ئەشکەوتەکاندا خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە، و جەختی کردەوە کە "نابێت ئیرادەی ئەمریکا تاقی بکەنەوە، چونکە ئەگەر تاقیمان بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە دەدۆڕێن." سەبارەت بە لوبنانیش، ڕوبیۆ باسی لەوە کرد، کە حزبوڵڵا تەنیا باڵێکی ئێرانە بۆ تێکدانی سەقامگیری، و ئامانجی واشنتن بەهێزکردنی سوپای لوبنانە بۆ چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا، کە هەرچەندە سوپای ئەمریکا یەکەمجار تەقە ناکات، بەڵام هەر هێرشێک بکرێتە سەر کەشتییەکانیان، "بە وردییەکی کوشندە" وەڵامی دەدەنەوە.