دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

شەهباز شەریف سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ژێرخانی مەدەنیی ئیمارات دەکات

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی پاکستان، پاشای ئوردن و وەزیرانی دەرەوەی ئیتاڵیا و لوبنان، لە لێدوان و پەیامی جیاجیادا هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئیمارات سەرکۆنە دەکەن و جەخت لە چارەسەری دیپلۆماسی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی 5ـی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات سەرکۆنە دەکەن و بەتەواوی پشتیوانی لە ئەبوزەبی دەکەن.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، پاکستان بە توندی دژی هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنییە لە ئیمارات و لەم دۆخە سەختەدا لە پاڵ گەلی ئیمارات و حکومەتی ئەو وڵاتەدا دەوەستن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، پێویستە ئاگربەست بپارێزرێت و زەمینە بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی بڕەخسێنرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

 هاوکات، عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، هێرشەکانی سەر ئیماراتی سەرکۆنە کرد و وەک کارێکی "چەکداری" وەسفی کردن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، هێرشەکانی سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانی لە ئیمارات و عومان سەرکۆنە کرد، و جەختی لە پێویستیی کەمکردنەوەی خێرای گرژییەکان و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە کردەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بڵاویکردەوە، ئەو هێرشانە قبووڵنەکراون و بە توندی سەرکۆنەیان دەکەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی ئیمارات و یاسا نێودەوڵەتییەکانن و هەڕەشەیەکی جدیین بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەیرووت پشتیوانی لە مافی ڕەوای ئیمارات بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی و دابینکردنی ئاسایشی دانیشتووانەکەی دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP