دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

ئەمریکا: ئێران بازرگانیی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی "پڕۆژەی ئازادی"ـدا ناوچەیەکی ئەمنیی لە تەنگەی هورمز دروست کردووە، ئەمەش لە کاردانەوەی ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر زنجیرەی دابینکردنی جیهانی و کەشتییە بازرگانییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی 5ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، جەنەراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی و وەک وتەبێژ لە پێنتاگۆن ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی هەڕەشە دەریاییەکانییەوە لە تەنگەی هورمز، خەریکی بەکارهێنانی زنجیرەی دابینکردنی جیهانییە وەک چەک.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاردانەوەی ئەم دۆخەدا ئەمریکا ئامادەییەکی بەرچاوی لە ناوچەکە هەیە و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکان.

کین وتیشی، لە ئێستادا ناوچەیەکی ئەمنیی بەهێزکراو لە بەشی باشووری تەنگەی هورمز دروست کراوە، کە لەلایەن هێزە وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە دەپارێزرێت.

باسی لەوەش کرد ، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئێران ٩ جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دوو کەشتیی بارهەڵگریشی دەستبەسەر کردووە، هەروەها زیاتر لە ١٠ جاریش هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە دەرەنجامی ئەو هێرشانەدا، نزیکەی ٢٢ هەزار و ٥٠٠ دەریاوان لەسەر زیاتر لە ١٥٥٠ کەشتیی بازرگانی گیریان خواردووە و ناتوانن بە تەنگەکەدا تێپەڕ بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP