هەرێم نیوز
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، هۆشدارییەکی توندی ئەمنیی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەوانەشی لەوێن دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی بوونی مەترسیی هێرشی مووشەکی و درۆن لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی 5ـی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاویکردەوە، ئاسمانی عێراق کراوەتەوە و گەشتە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی سنووردار کار دەکەن، بەڵام مەترسیی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئاسمانی وڵاتەکە بەردەوامە.
باڵیۆزخانەکە ڕایگەیاند، هۆشداریی ئاستی چوارەم کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ عێراق لە بواری جێبەجێکردندایە و داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە، بەردەوامن لە داڕشتنی پلانی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەندێک لایەنی پەیوەندیدار بە حکومەتی عێراقەوە، بەردەوامن لە پێدانی پاڵپشتیی سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بەو گروپە چەکدارانە.
باڵیۆزخانەکە بڵاویکردەوە، سەرجەم خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییە ئاساییەکان و مامەڵەکانی ڤیزا ڕاگیراون، و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە سەردانی باڵیۆزخانەی بەغدا و کۆنسوڵخانەی هەولێر نەکەن.
لە کۆتاییدا ڕێنمایی هاووڵاتییانی کردووە کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق یان دەروازە وشکانییەکانی وڵاتانی دراوسێوە خۆیان دەرباز بکەن و ئامادەکاریی پێویست بۆ کاتی دۆخی لەناکاو بکەن.