دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

ڕۆژنامەیەک: ترەمپ لە ژێر فشاری تونددایە بۆ لێدانی ئێران

هەرێم نیوز

دوای گرژییەکانی ڕۆژی دووشەممە لە گەرووی هورمز، لێپرسراوانی ئەمریکا پێشبینی دەکەن دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکان بۆ سەر ئێران واژۆ بکات.

گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ترەمپ
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا هەوڵی دەدا خۆی لە فراوانبوونی شەڕ و تێوەگلانی زیاتر بەدوور بگرێت، بەڵام ڕووداوەکانی دوێنێ و بەئامانجگرتنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، وایکردووە لێپرسراوانی سەربازی و سیاسیی واشنتن فشاری توند بخەنە سەر کۆشکی سپی بۆ ئەوەی بە فەرمی فەرمانی هێرشکردنە سەر تاران بدات.

لیندسی گراهام: وەڵامەکە دەبێت بەئازار بێت
لیندسی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان و یەکێک لە لایەنگرانی سەرسەختی دەستوەردانی سەربازی، ڕایگەیاند: "ئێران بە تەواوی ئاگربەستی پێشێل کردووە و نیشانی دا کە بڕوای بە دیپلۆماسیەت نییە." گراهام داوای لە ترەمپ کردووە کە بە هێرشێکی "گەورە، بەهێز و بەئازار" وەڵامی تاران بداتەوە، بە مەرجێک هێرشەکە کورتخایەن بێت و ئامانجە ستراتیژییەکان بپێکێت.

ترەمپ: نامەوێت بجەنگم، بەڵام ڕێگری دەکەم
خودی دۆناڵد ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئارەزووی هەڵگیرساندنی جەنگێکی گشتگیر ناکات، بەڵام هێڵە سوورەکانی دووپاتکردەوە و وتی: "ناهێڵین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ترەمپ بە شێوەیەکی تەنزئامێز ئاماژەی بە لاوازیی ئێستا نیشاندا و ڕایگەیاند: "ئێران ئێستا نە کەشتیگەلی دەریایی، نە مووشەکی کاریگەر و نە سەرکردەی بەهێزی ماوە" بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری تەقینەوەی جەنگێکی نوێدایە، بەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا هێزەکانیان لە دەریای عەرەب و گەرووی هورمز خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP