هەرێم نیوز
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و ڕایگەیاند، تاران بەرەو قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە هەنگاو دەنێت.
هاوکێشەی نوێی تاران
قالیباف لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "هاوکێشەیەکی نوێ بۆ گەرووی هورمز سەرهەڵدەدات." ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پێشێلکردنی ئاگربەست و سەپاندنی گەمارۆی نوێ، ئاسایشی دەریایی و گواستنەوەی وزەیان لە جیهاندا خستووەتە مەترسییەوە.
هۆشداری بۆ واشنتن
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامەکەیدا ڕوو لە بەرپرسانی واشنتن دەڵێت: "ئێمە باش دەزانین بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا بۆ ئەمریکا قبوڵ ناکرێت." هەروەها بە زمانێکی هەڕەشەئامێز جەختی کردەوە کە "هێشتا دەستمان پێ نەکردووە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئێران خاوەنی بژاردەی سەربازی و ئەمنی توندترە کە هێشتا بەکاری نەهێناون.
کۆتاییهاتنی "خراپەکارییەکان"
قالیباف دووپاتی کردەوە کە ئەو دۆخەی ئێستا ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستی کردووە و ئەو "خراپەکارییانەی" ئەنجامی دەدەن، بێگومان کۆتاییان دێت و تاران ڕێگە نادات ئاسایشی سنوورە ئاوییەکانی و گەرووی هورمز بکەوێتە مەترسییەوە.
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە و ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە هەموو کاتێک زیاترە.