هەرێم نیوز
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، کە لە هێرشێکی شەوی ڕابردوودا بۆ سەر شاری بەیروت، بڕازا و سکرتێری تایبەتیی نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانیان کوشتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، کە هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەدا کە شەوی ڕابردوو ئەنجام دراوە، کەسێک بە ناوی (عەلی یوسف حەرشی) کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
سوپای ئیسرائیل لە درێژەی زانیارییەکانیدا ڕوونیکردووەتەوە، کە عەلی یوسف حەرشی، سکرتێری تایبەتی و بڕازای نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئەمەش وەک بەشێک لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی تەلئەڤیڤ بۆ کردنەئامانجی سەرکردە و کەسایەتییە نزیکەکانی ئەو گرووپە دێت.