دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ: تا جێبەجێکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە، سوپاکەمان لە دەوروبەری ئێران دەمێنێتەوە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە سەرجەم هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دەوروبەری ئێران دەمێننەوە تاوەکوو ڕێککەوتنەکە بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت، و هۆشداریش دەدات کە ئەگەر پێشێل بکرێت، هێرشەکانیان بە شێوەیەکی زۆر بەهێزتر دەست پێ دەکەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، کە سەرجەم کەشتی، فڕۆکە و کارمەندە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەگەڵ تەقەمەنی و چەکی پێویست بۆ لەناوبردنی ئەو "دوژمنەی کە پێشتر تواناکانی تێکشکێنراوە"، لە ناوخۆ و دەوروبەری ئێراندا دەمێننەوە، تا ئەو کاتەی کە ڕێککەوتنە ڕاستەقینەکە بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت.

ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند: "ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، کە ئەوەش زۆر دوورە، ئەوا دەست بە هێرشکردن دەکەینەوە، زۆر گەورەتر، باشتر و بەهێزتر لەوەی کە تا ئێستا کەس بینیویەتی."

سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرەڕای پڕوپاگەندەکان، ڕێککەوتن لە مێژە لەسەر ئەوە کراوە کە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی هیچ چەکێکی ئەتۆمی، و گەرووی هورمزیش بە کراوەیی و سەلامەتی دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئەوەشی خستە ڕوو، کە لەم نێوەندەدا سوپای ئەمریکا پشوو دەدات، خۆی پڕچەک دەکاتەوە و بە تامەزرۆییەوە دەڕوانێتە سەرکەوتنەکانی داهاتووی، و پەیامەکەی بە دروشمی "ئەمریکا گەڕایەوە!" کۆتایی پێهێنا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP