هەرێم نیوز
لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢٦ (١٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی)، شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین جار کرایە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، کاتژمێر ١٠:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوەندی یەکەی تایبەت و کەڵانتەریی مەریوانیان بۆردومان کردووە. دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناو شارەکەدا بیستراوە و دووکەڵێکی زۆر لەو شوێنانەوە بەرز بووەتەوە.
پێش ئەو هێرشەش، هەر بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی، فڕۆکە جەنگییەکان ناوەندی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان و بەندیخانەی ناوەندیی مەریوانیان کردبووە ئامانج.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕێکخراوی هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردبووەوە کە پێش ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، زۆربەی بەندکراوانی بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرابوون، ئەمەش وەک ڕێکارێک بۆ پاراستنی گیانیان لە کاتی بۆردومانەکاندا.