دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

دانوسانی ئەمریکا و ئێران هەڵوەشایەوە

هەرێم نیوز

 

ئاژانسی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە فەرمی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە ڕەزامەند نابێت لەسەر داواکارییەکەی تاران بۆ گۆڕینی شوێن و قاڵبی ئەو دانوستانانەی کە بڕیاربوو ڕۆژی هەینی ئەنجام بدرێن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاکسیۆسی وتووە کە ئێمە بە ئێرانمان ڕاگەیاندووە "یان بەم شێوەیەی ئێمە دەمانەوێت یان هیچ"، ئەوانیش لە وەڵامدا گوتوویانە "کەواتە هیچ"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکە لە ئێستادا هەڵوەشاوەتەوە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر ئێران ئامادە بێت بگەڕێتەوە بۆ قاڵبە سەرەتاییەکەی دانوستان، ئەوا واشنتۆن ئامادەیە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو دیدارەکە ئەنجام بدرێت، هاوکات هۆشداریشی داوە کە دەیانەوێت بە زووترین کات بگەنە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە، ئەگەرنا خەڵک سەیری بژاردەکانی دیکە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، چاوەڕوان دەکرێت ستیڤ ویتکۆف نێردەی کۆشکی سپی و جارد کۆشنەر زاوا و ڕاوێژکاری ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە تەنها سەردانی قەتەر بکەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەربارەی دۆسیەی ئێران، و پاشان ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ میامی و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ بینینی بەرپرسانی ئێرانی نییە.

تاوەکو ئێستا نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکان دەربارەی لێدوان لەسەر ئەم پێشهاتە نوێیە و شکستی هەوڵە سەرەتاییەکانی دانوستان نەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP