هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی عومان تەنها تایبەت دەبێت بە دۆسیەی ئەتۆمی و بەرنامەی موشەکی وڵاتەکەی لە کارنامەی گفتوگۆکاندا نییە.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردبووەوە بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ تاران ئەنجامێکی ماناداریان هەبێت، دەبێت بابەتەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، موشەکی، پشتگیریکردنی تیرۆر و شێوازی ڕەفتاری حکومەت لەگەڵ گەلی ئێران لەخۆ بگرێت.
ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر کارنامەی دانوستانەکان نیشانەی بوونی بەربەستی جدییە لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن، چونکە تاران دەیەوێت تەنها لەسەر یەک بوار گفتوگۆ بکات و واشنتۆنیش جەخت لەسەر پاکێجێکی گشتگیر دەکاتەوە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە عومان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە گرژییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان و هەردوولا لە ڕێگەی ناوبژیوانەکانەوە هەوڵی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش دەدەن بۆ ڕێگری لە پێکدادانی سەربازی.