دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

واشنتن و تاران لەبەردەم تاقیکردنەوەی هەینیدا؛ کێشەی شوێن و ئەجێندای کۆبوونەوەکە ئاڵۆز دەبێت

هەرێم نیوز

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی نێوان ئەمریکا و ئێران، نادڵنیایی لەسەر شوێن و ناوەڕۆکی گفتوگۆکان دروست بووە؛ تاران سوورە لەسەر سنووردارکردنی دانوستانەکان و واشنتنیش مەرجی قورسی هەیە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویکردەوە، ئێران داوای کردووە دانوستانەکان لەبری ئیستانبوڵ، لە سوڵتانییەتی عومان بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی تەواوکردنی خولەکانی پێشووی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان کە زۆربەیان لەوێ بوون.

بەرپرسێکی دیپلۆماسی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی "نە گەشبینە و نە ڕەشبین" و تەنیا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی قسە دەکات. تاران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە:
• دانوستان لەسەر توانای بەرگری و مووشەکی بالیستیک ناکەن.
• ئامادە نین لەژێر هەڕەشەی سەربازیدا دابنیشن.
• پێویستە لایەنە ناوچەییەکان لە گفتوگۆکان دووربخرێنەوە.

بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، دۆناڵد ترەمپ تەنیا بە پرسی ئەتۆمی ڕازی نییە و دەیەوێت سێ تەوەر پێکەوە گرێ بدات:
١. بەرنامە ئەتۆمییەکە.
٢. پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیک.
٣. پشتیوانی تاران بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە.

ئەم دانوستانانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە گەرووی هورمز لە ترۆپکدان. ترەمپ دوێنێ سێشەممە جارێکی تر هەڕەشەی کرد: "ئەگەر دانوستانەکان بێ ئەنجام بن، بژاردەی سەربازی ئامادەیە." لە بەرامبەردا ئێران داوا دەکات واشنتن کۆتایی بە "تۆقاندن" بهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP