هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە سەرجەم ئەو گرفتە تەکنیکییانەی بەهۆی شەپۆلی نالەباری کەشوهەوای شەوی ڕابردووەوە دروست ببوون، چارەسەر کراون و دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا کە ئەمڕۆ شەممە (١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) بڵاوکرایەوە، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو شەپۆلە ڕەشەبا و باران و بەفرەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی گرتەوە، زیانی بە تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرزی نێوان وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە گەیاندبوو، بەڵام تیمەکانی کۆنترۆڵ و گواستنەوە بە هەماهەنگییەکی خێرا توانییان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە.
وەزارەتی کارەبا وێڕای سوپاسکردنی هاووڵاتییان بۆ ئارامییان، جەختی کردەوە کە تیمەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گرفتێکی کتوپڕ کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە لە تۆڕەکانی کارەبادا دروست ببێت.