هەرێم نیوز
قوباد تاڵەبانی نوێترین هەڵوێستی حزبەکەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت ئاشکراکرد. و رایگەیاند، ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات
نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە دانێل کرێبەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراقیان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوكە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات.
ئەوەش هاتووە، سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عیراقیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، عیراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و کارا هەیە کە بتوانێت لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابوریی عیراق.
جێگری سەرۆک وەزیران روونیشی کردەوە، دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوانیان بێت.