هەرێم نیوز
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، شەوی 4ـی ئەم مانگە ئۆتۆمبیلێكی وەزارەتی پێشمەرگە لەبەردەم شوقەکانی (بولیڤارد) دو كەنج دەشێلێت، كە سکیوریتی شوێنەكە بونە و دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتوە شۆفێرەكە ماددەی کحولی بەکارهێناوە و 100% کەمتەرخەم بوە لەو روداوەدا، بۆیە ئێستادا بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەبارەت بەو ڕوداوەی هاتوچۆ کە لە شەوی 4ـی ئەم مانگە لە شەقامی 40 مەتریی شاری هەولێر ڕوی دا و بە هۆیەوە دو هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا، بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراو لە بونی ڕوداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی 40 مەتری لە بەردەم شوقەکانی (بولیڤارد) ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕوداو و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا - پیک اب دەبڵ قەمەرە) بە ژمارە (٥٤٢٧/ وەزارەتی پێشمەرگە) شوفێرەکەی بەناوی (م. ٲ. م) ماددەی کحولی بەکارهێنابو و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس شوفێرەکەی بە ناوی (ھ، ه، ع،) لە بەردەم شوقەکاندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دو کارمەندی سکیوریتی کردوە بە مەبەستی چونەژورەوە، لە ئەنجامدا هەردو کارمەندی سکیوریتی بە ناوەکانی (محەمەد سەردار محسن) و (ئەحمد محەمەد شەریف) بە هۆی پێکدادانەکەوە گیان لەدەستدەدەن و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس دەکەوێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بەپێی هێڵکاری کە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئەنجامی داوە، شوفێری ئۆتۆمبێلێ جۆری (پیک اب) 100% کەمتەرخەم بوە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە و شوفێری ئۆتۆمبێلی جۆری (پیک اب) بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە 24ی هاتوچۆ ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.