هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە تایبەتە بە یادکردنەوەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ڕۆژی 2025/12/17 لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکاندا یادی ئاڵای کوردستان بە شێوەیەکی شایستە و بەرز ڕادەگیرێت.
وەزارەتەکە نوسراوی فەرمی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە، ئەوانیش: هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین و خوێندنی کوردی لە کەرکوک، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی ئەم یادە بگرنەبەر.
لە نوسراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە پێویستە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی، و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بکرێنەوە کە، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕۆژە تاقیکردنەوەش بەردەوام بێت، کاتژمێرێکی یەکەمی دەوام بۆ بەرزڕاگرتنی ڕێوڕەسمی ئاڵای کوردستان تەرخان بکرێت. دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بە ئاسایی بەردەوام دەبێت.