دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

هەڵوێستی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر

هەرێم نیوز

محەمەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چەند لێدوانێکی گرنگی خستەڕوو کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە.

پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لەنێویاندا پرسی ناوچە جێناکۆکەکان، سەیر دەکرێت. حەسان جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا هاوبەشییەکی زۆر گرنگە و پێویستە بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق، کارکردن و دیالۆگی کراوە زیاتری بۆ بکرێت.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە حکومەتە نوێیەکانی هەرێم و عێراق بە زووترین کات دروستبکرێن بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن و پەیوەندییەکانیان باشتر بکەن.


حەسان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و داوای کرد کە دەستبەجێ ڕابگیرێن و ئەنجامدەرانی بدرێنە دادگا.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا کێشەی ئەمنی و ئابووری لە وڵاتەکەدا بە تەواوی چارەسەر نەکراون. لە ڕووی مرۆییەوە، نێردە تایبەتەکە ئاشکرای کرد کە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی عێراقدا هەن.

 هەروەها ئاماژەی بە دۆخی نزیکەی 100,000 هاووڵاتیی ئێزدی خەڵکی شنگال دا کە دوای 11 ساڵ هێشتا لەناو کەمپەکاندا لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و بەشێکیشیان هێشتا لە دەستی داعش ڕزگار نەکراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP