هەرێم نیوز
بارەگای بارزانی رایگەیاند، بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن وتی، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کاروانی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان ناوەستێنێت.
ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە 2ی 12ی 2025، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد کە پێکهاتبوو لە ماسامیچی سوگایا، بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و ئاکیارا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و چەند دیپلۆماتکاری تری ژاپۆن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "شاندی میوان پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیان لە سەرۆک بارزانی کرد و بە نیشانەیەکی ڕوونیان لە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو خەڵک هەژمار کرد. هەروەها ستایشی ئەو بووژانەوە و پێشکەوتنەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئارا و بە هۆکارێکی گرنگیان لەقەڵەم دا بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنانی بیانی، و ئامادەیی وڵاتەکەشیان ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
بارەگای بارزانی باسی لەوەش کردووە، "شاندی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن هەروەها نیگەرانیی خۆیان بۆ هێرشی ئەم دواییەی سەر کۆرمۆر نیشان دا و وێڕای ئیدانەکردنی ڕایانگەیاند، ئەم هێرشانە دژی سەقامگیریی وزە و ئابووریی عێراق و ناوچەکەیە."