هەرێم نیوز
سودانی داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی ئەو غازەی کردووە کە کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بەلام حکومەتی هەرێم داواکەی ڕەتکردووەتەوە.
پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەبارەی کۆرمۆر بڵاوکردووتەوە ورایدەگەیەنێت، گرژییەکانی نێوان محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ دەنێنە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردووە و حکومەتی هەرێمیش بە تووندی ڕەتیکردۆتەوە.
پێگەکە نووسیویەتی، دوای هێرشە مووشەکییەکەی 26ی ئەم مانگە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، سوودانی لیژنەیەکی وەزاری بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە، سەرچاوە ئاگادارەکان بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاندووە، سوودانی فەرمانی بە کۆمپانیای دانەغاز کردووە کە تا کاتی تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکە، بەرهەمهێنانی غاز ڕابگرن.
ئەم بڕیارەی سودانی، لەکاتێکدایە دەبووە هۆی بێ بەشبوونی شەش ملیۆن هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و لێدانە لە ژێرخانی ئابووری، سەرەڕا ئەوەی بڕیار بوو لەماوەی 72 کاتژمێر ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکرێت بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک نییە.
بەرپرسێکی باڵای کورد بە مەرجی ناونەهێنانی بە ئەلمۆنیتەری وتووە، تووشی شۆک بووین بەو بوێرییەی سودانی. ئەگەر ویستەکەی سەریبگرتایە، کارەسات ڕوویدەدا، بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ئامانجی سودانی خنکاندنی تەواوەتی هەرێمی کوردستانە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەرێمدا.