هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ناساندنی هەولێر وەک یەکێک لە باشترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئاسیا بۆ ساڵی 2026، تەنیا پلەبەندییەک نییە بەڵکوو ڕێزلێنانێکە لە گەلەکەمان، هەست و سۆزی ئەوان و چیرۆکی هەزاران ساڵ مێژوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاو كردەوە و دەڵێت: "هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە سەرسامکردنی جیهان بەردەوامە، دەستنیشانکردنی بە یەکەم شوێن لە ئاسیا بۆ پێویستیی سەردانکردنی لە ساڵی 2026، بەڵگەیە بۆ میواندۆستیی و گەرموگوڕی و هەزاران ساڵەی مێژووەکەی."
گۆڤاری (کۆندێ ناست تراڤڵەر) كە یەكێكە لە گۆڤارە گەشتیارییە بەناوبانگەكانی بەریتانیان، لە نوێترین پۆلێنکاریدا، شاری (هەولێر)ی وەک یەکێک لە باشترین شوێنەکانی ئاسیا بۆ گەشتکردن لە ساڵی 2026 دیاری کردووە، ئاماژەی بەوەش داوە كە هەولێر تێكەڵەیەكی بێوێنەیە لە میراتی دێرین و گەشەسەندنی مۆدێرن و میواندۆستیی گەرموگوڕ.
گۆڤارەکە لە پێناسەی شاری هەولێردا نووسیوویەتی: “شارێک بە تەمەنی 6 هەزار ساڵی، داهاتوویەکی داینامیکی بنیات دەنێت.”