دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 3 هەفتە

دادگای فیدڕاڵی عێراق كۆتایی بە كارەكانی پەرلەمان هێنا

هەرێم نیوز 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە کۆتایی بە کارەکانی پەرلەمانی ئێستا هێنا و بڕیاری گۆڕینی حکومەتی بۆ "كاربەڕێكەر"ـدا کە دەسەڵاتەكانی سنوردارە، هاوکات لەبارەی سەرۆکی کۆماریشەوە بڕیاریدا كە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستورییەکانی.

بەگوێرەی بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی كە ئەمڕۆ دوشەممە دەرچوە و واژۆی دادوەر مونزیر ئیبراهیم، سەرۆکی دادگاكەی لەسەرە و تێیدا هاتوە، ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێی نوێنەران ئاماژەیە بۆ کۆتایی هاتنی خولی پێشوی ئەنجومەنەكە و دەسەڵاتی بۆ دەرکردنی یاسا و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. چونكە دەنگدەر ئەوی بۆ ئەركێك و ماوەیەكی دیاریكراو هەڵدەبژێرێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران لە دەسەڵاتی تەواوەوە دەگۆڕدرێن بۆ دەسەڵاتی سنوردار (كاربەڕێكەر) لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەدا. دەسەڵاتی واژۆکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بەستنی گرێبەست کە کاریگەری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییان لەسەر وڵات هەبێت، پێشنیارکردنی ڕەشنوسی یاساکان، دەستەبەرکردنی قەرز، دانان یان دەرکردنی تاکەکان لە پۆستە باڵاکانی حکومەت یان داڕشتنەوەی وەزارەت و وەزارەتەکان، نیە.

بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، سەرۆکی کۆمار وەک یەکێک لە دو لقەكەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی. هەروەها بڕیارەکەی دادگا بە کۆی دەنگ دەرچوە و کۆتایی و پابەندکەرە بۆ هەمو دەسەڵاتداران.

11ی ئه‌م مانگه‌، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ڕێوه‌چو، به‌گوێره‌ی ئه‌نجامیی به‌رایی كه‌ كۆمسیۆن ڕیگه‌یاندوه‌، لیسته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی توانیویه‌تی ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌م بەدەسبهێنێت و 46 كورسی مسۆگه‌ر كردوه‌. هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە ئەنجامی كۆتایی دەنگدان ڕابگەیەندرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP