هەرێم نیوز
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی پێشمەرگەیەک لە قەزای دووبز لەلایەن کاندیدێکی دەرچوونی حیزبی تەقەدووم هاتە دەنگ و دەڵێت، "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ناوبراو دەگرینە بەر". هاوکات ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکاتەوە کە "پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە."
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەین بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنە بەر کە هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەک.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: ڕۆژی شەممە، 15ی 11، بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەییمان بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک.
لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە: هەرچەندە خۆی لە ماڵەوە نەبووە بەڵام بەربژێرەکەی تەقەدووم دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی پێشمەرگەکەمان کردووە و خانەوادەکەی ئازار داوە، ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕاشیگەیاند: داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەین بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنە بەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دووپاتی کردەوە کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ناوبراو دەگرنەبەر، هەروەها ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکاتەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە. هاوکات پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر.