هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی کە مابوون کۆتایی هاتووە و سەرجەم ئەنجامەکان بە رێژەی %100 لەگەڵ ئەنجامی جیاکردنەوە و ژماردنی دەستی هاوتا بوون.
جوممانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە راگەیاندنێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ کۆمسیۆن دەستدەکات بە پرۆسەی دابەشکردنی کورسییەکان، لەگەڵ کورسییەکانی کۆتای ژنان و کەمینەکان.
وتیشی، "نووسینگەی پارێزگاکان دەستیانکردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتی، حزب و کاندیدەکان."
غەلای جەختیکردەوە کە پێدەچێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکان رابگەیەنرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران، دەرگای تانەدان بۆ ماوەی سێ رۆژ دەکرێتەوە، کە لە رۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان لە ماڵپەڕی رەسمیی کۆمسیۆنەوە دەستپێدەکات.
بە گوتەی غەلای، کۆی گشتی 102 سکاڵا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراون کە 59ـیان سکاڵای دەنگدانی گشتی و 43ـیان، سکاڵای دەنگدانی تایبەت بوون. ئەوەشی خستەڕوو، بەشی سکاڵا و تانەکان لە کۆمیسیۆن دەستیان بە پۆلێنکردنی سکاڵاکان کردووە و زۆربەیان "زەرد"ـن، لەکاتێکدا کەمینەیەکیان "سەوز"ـن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن شێوازی پۆلێنکردنی سکاڵاکانی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە:
سکاڵا زەردەکان: ئەو سکاڵایانەن کە مەرجە سەرەکییەکان یان بابەتییەکانیان تێدا نییە، ئەمەش وادەکات لە سەرەتاوە ڕەتبکرێنەوە.
سکاڵا سەوزەکان: ئەو سکاڵایانەن کە ئاماژە بە بوونی سەرپێچی دەکەن لەلایەن فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنەوە، یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی دەنگداندا، یان سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکان لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی بنکەکان. جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە سکاڵایانە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵام پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە.
ڕۆژی سێشەممە، 11ی 11ی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ی 11ی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، 12ی 11ی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 90 هەزار دەنگی بردووەتەوە.