هەرێم نیوز
وەزارەتی بازرگانی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات، ڕەزامەندی خەرجکردنی 500 ملیار دیناری دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەرگرێت، بۆ ئەوەی وەک شایستەی دارایی جووتیاران دابەش بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.
پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران نزیکەی 310 ملیار دینارە، لەماوەی ڕابردوودا بەغدا بە دوو قۆناغ 72 ملیار دیناری وەک پشکی هەرێمی کوردستان ناردووە، بڕیار ئەو بەشەی ماوە بەچەند قۆناغێکی دیکە خەرج بکرێت.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە بە میدیای پارتی رایگەیاندووە، "لەم هەفتەیە وەزارەتی بازرگانی عێراق، بەچڕی کار لەسەر ئەوە دەکات بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 500 ملیار دیناری دیکە بدرێت، بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بڕێکی خەرج بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت."
ماوەی پێنج مانگە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی سایلۆکانەوە گەنمیان ڕادەست کردووە و تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان شایستە داراییەکانیان خەرج نەکراوە.