هەرێم نیوز
بڕیارە لەم هەفتەیە 16 هەزار پارچە زەویی تر دابەش بكرێت، شەش هەزار پارچە زەوی لە بنەسڵاوەیە و 10 هەزارەكەی تریش لە سنووری دارەتوو و كەسنەزانە، بەمەیش دابەشكردنی زەوی لەو سێ شارەوانییە كۆتایی دێت و سەرجەم فەرمانبەرانیان زەوی وەردەگرن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، “پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر، زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت”.
ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوودا نەخشە و كارە پلانسازییەكان بۆ بنەسڵاوە و دارەتوو تەواو دەبێت، كە نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوییە و ئومێدەوارین لە هەفتەی داهاتوو ڕابگەیەنرێت.
وتیشی، “حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی خەڵكی كوردستانە و بەردەوام بە پڕۆژە و دەستكەوتەكانی لە هەر كوێیەك پێویست بێت، بەپێی رێنوێنییەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كار و بەخشین و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی بەردەوام دەبێت”.
بە دابەشكردنی شەش هەزار پارچە زەوی لە سنووری بنەسڵاوە، دەبێتە یەكەم ناوچەی كوردستان كە تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی كارتی زانیارییان ئەو سنوورەیە، زەویی خۆیان وەردەگرن و كەس نامێنێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 7500 فەرمانبەری دیكە لە سنووری هەولێر تیروپشكی زەوییان بۆ ئەنجام درا و زەوییان وەرگرت.
27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.