هەرێم نیوز
بڕیارە لەمووچەی مانگی (٧)وە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢-١٠-٢٠٢٥ دەست بەدابەشکردنی دەکەوێت، مانگانە لێبڕینێکی دیکە دەخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان، بڕی 9.5%ـی دیکە لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و 6.84% لە مووچەی خانەنشینان دەبڕدرێت، بەمەش کۆی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەگاتە 19.5%.
ئەم بڕیارە وەک قەرەبووی ئەو جیاوازییەی 10 ساڵی ڕابردوو دێت کە بەغدا داوای دەکات، بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014. دەبێت 10%ـی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران بۆ سندوقی خانەنشینی ببڕدرێت. لەکاتێکدا ئەم بڕیارە لە ساڵی 2014ـەوە لە عێراق جێبەجێ کراوە، لە هەرێمی کوردستان تەنیا 7% لە فەرمانبەران وەرگیراوە. دوای هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لە 2024-06-30، بەغدا داوای کردووە کە فەرمانبەرانی کوردستان جیاوازییەکەی 10 ساڵی ڕابردوو قەرەبوو بکەنەوە.
ئەم قەرەبووکردنەوەیە بە یەک گوژمە نابێت و مانگانە بە قیست لە مووچە دەبڕدرێت. تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی لە 2014-01-01 یان دواتر دامەزراون، لەگەڵ ئەو خانەنشینانەی لە 2014 بەدواوە خانەنشین بوون، دەگرێتەوە. هەندێک لەم کەسانە قەرزێکی زۆریان لەسەرە کە دەگاتە سێ، چوار ملیۆن یان زیاتر.
شێوازی جێبەجێکردنی بۆ فەرمانبەران، لەم مانگەوە 9.5%ـی دیکەی مووچەی بنەڕەتییان لێ دەبڕدرێت، واتە لە هەر 100 هەزار دینار، 9 هەزار و 500 دینار دەبڕدرێت. بەمەش کۆی لێبڕینەکان دەگاتە 19.5%. بۆ نموونە، ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەی بنەڕەتی 380 هەزار دینار بێت، بڕی 74 هەزار دیناری بۆ خانەنشینی و قەرەبووکردنەوەی قەرزەکە لێدەبڕێت.