هەرێم نیوز
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداریدا لەوەی کە دانوستانەکانی ئاژانسەکە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج، نابێت چەند مانگێک بخایەنێت. داوای کرد بە زووترین کات ڕێککەوتن بکرێت، تەنانەت لەم هەفتەیەشدا.
گرۆسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی ڕاگەیاندووە، "هەوڵدەدەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ڤیەننا ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی و دەست بە پشکنینەکان بکەین، زۆر باش دەبێت ئەگەر پێش هەفتەی داهاتوو ئەم ڕێککەوتنە بکرێت".
گرۆسی وتی ئاژانسەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر دۆخ و شوێنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەدەست نەگەیشتووە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکانی پیتاندنی ئێران.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: دوو خولی دانوستان لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
وتیشی: لە ئێستادا هیچ پشکنەرێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ئێران ئامادە نییە.
بەقایی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوروپا بەدوای چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سەر ئێران "لەسەر داوای ئەمریکا و ئیسرائیل".
وتیشی: ڕووسیا و چین دژی چالاککردنەوەکەن.