هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنە لە فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەستی غەززە و دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی دەگرێت و رایدەگەیەنێت، ئەم فشارانە حەماس بەهێزتر دەکات، هاوکات دووپاتیشی کردەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن جیهادییەکان دەوڵەتیان هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، گیدعون ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین رایگەیاند: "ئێمە دەزانین وڵاتانی ئەورووپا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی موسڵمانیان هەیە و هێندێک جار ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی حکوومەتەکانیان دەبێت. بەڵام ئەمە ناتوانێ ئیسرائیل ناچار بە خۆکوژی بکات"
ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە ڕێگا نادەین دەوڵەتێکی تیرۆریستی جیهادی لە ناو دڵی وڵاتی مێژووییمان دامەزرێ. ئێمە ڕێگا نادەین دەوڵەتی تیرۆریستیی حەماس تەنیا چەند کیلۆمەتر دوورتر لە کۆمەڵگاکانی نشتەجێبوونمان دامەزرێ".
ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل نابێتە چیک و سلۆڤاکیای سەدەی 21 و بوونیان ناکەنە قوربانیی سیاسەتی سازان، وتی:" ئێمە بوونی خۆمان ناکەینە قوربانیی سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کۆنترۆڵی شەقامەکانیان لەدەست داوە بەڵام هێشتا بە خۆبەزلزانییەوە بیر لەوە دەکەنەوە چ شتێک بۆ ئاسایشی ئێمە باشترە".