هەرێم نیوز
دادگای 22هەمینی سزای قورسی ئەنقەرە، داواکاریی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و سەرجەم گیراوانی دۆزی کۆبانێی رەتکردەوە.
داواکارییەکە دوای ئەوە پێشکەشکرا کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (AİHM) بۆ جاری سێیەم بڕیاری دەرکرد کە مافەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشێل کراون.
بەڵام دادگاکەی ئەنقەرە، بە پاساوی ئەوەی کە "بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هێشتا یەکلاکەرەوە نییە"، داواکارییەکەی رەتکردەوە و بڕیاری بەردەوامبوونی زیندانیکردنیانی دەرکرد.
جێی باسە، پێشتریش دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە چەندین بڕیاری جیاوازدا ڕایگەیاندبوو کە دەمیرتاش بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەرکراوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ.
پێشتریش، رۆژی چوارشەممە 9-7-2025 دادگەی مافی مرۆڤ بڕیاری لەسەر دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش دەرکرد و رایگەیاند، "ئەمە پیلانگێڕییە'، لەم جۆرە دەستگیرکردنانەدا هیچ گومانێکی تاوانی ئەوتۆ لە ئارادا نییە. دەستگیرکردنەکە ئاستەنگی بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراسییانە دروست کردووە".
مەحمەد ئەمین ئەکمەن، جێگری سەرۆکی گرووپی 'ڕێگای نوێ' (یەنی یۆل) گوتی، "ئەمە گفتوگۆیە لەسەر ئەوەی کە چۆن بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیارەکانی دادگای دەستووری و تەنانەت هەندێک جار بڕیارەکانی دادگەی باڵاش دژی تۆمەتباران جێبەجێ دەکرێن".