هەرێم نیوز
بارەگای بارزانی رایگەیاند، بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا.
بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی 7ـی 2025 لە سەلاحەددین، بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحمود مەشهەدانی کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن و بە هیچ شێوەیەکیش قووتی هاووڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم نەکرێت و بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.