هەرێم نیوز
ئێران پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئەمریکای بە ناڕوون وەسف کرد و بڕیارە خۆی پێشنیازێکی دیکە پێشکەش بە ئەمریکا بکات، لەبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، پێشنیازەکەی ئێمە "پێشنیازە زۆر گونجاو لۆژیکی و هاوسەنگە".
دووشەممە، 9ـی 6ی 2025، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا وتی: بەداخەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لەژێر فشاری هەرسێ وڵاتە ئەورووپاییەکە و ئەمەریکا، دەیەوێت ڕاپۆرتێک ئامادە بکات، تاوەکوو وڵاتانی ئەورووپا بۆ دەرکردنی بڕیارەکانیان بەکاری بهێنن.
پێشتر، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران ڕەتی بکاتەوە هاوکاریی تەواوی ئەو دەزگایە بکات بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ئەوە پێویستە هەنگاوی دیکە بگرینە بەر.
هاوکات، ئیسماعیل بەقائی لە وەڵامی پێشنیارێکی ئەمریکا کە تاران بە "قبووڵنەکراو" دەزانێت، ڕایگەیاند، ئێران بەم زووانە لەبەرامبەر پێشنیارەکەی ئەمریکا، پێشنیاری خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڕێگەی عومانەوە ڕادەستی ئەمریکا دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، " داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە چەکداماڵینی ئەتۆمی بە زۆر بخاتە سەر ئیسرائیل کە دوژمنی دێرینی ئێرانە". بە وتەی تاران هەوڵی پووچەڵکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان دەدات.
بەقائی وتی: "پێشنیارەکەی ئەمریکا لای ئێمە قبوڵکراو نییە. دەرئەنجامی خولەکانی پێشووی دانوستانەکان نەبووە. ئێمە پێشنیازی خۆمان لە ڕێگەی عومانەوە دەخەینە بەردەم لایەنی بەرامبەر دوای ئەوەی یەکلایی دەبێتەوە. وتیشی، ئەم پێشنیازە گونجاو و لۆژیکی و هاوسەنگە".
ناوبراو وتیشی، "پێویستە پێش هەڵگرتنی سزاکان دڵنیابین لەوەی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند دەبێت و پەیوەندییە بانکی و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئاسایی دەبێتەوە".
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند، ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەورووپیەکەی ناو ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـ دەیانەوێت، بڕیارنامەیەک لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پەسند بکەن، کە پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی لە بواری پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمیدا ڕادەگەیەنێت.