هەرێم نیوز
رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، ئەمریكا لەماوەی دوو مانگدا دەست بەكشانەوەی هێزەكانی دەكات لە سوریا.
رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی، دەڵێت: ئەمریکا لە ماوەكانی داهاتوودا وردە وردە دەست بە کشانەوە دەکات لە سوریا.
رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمنی ئەمەریکا، دامەزراوەی سەربازی ئیسرائیلیان لە کشانەوەیان لە سوریا ئاگادار کردۆتەوە، کە لە ماوەی دوو مانگدا دەست پێدەکات.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئیسرائیل هێشتا فشار دەخاتە سەر واشنتۆن بۆ دواخستنی ئەم کشانەوەیە لە سوریا، ترسی ئەوەی هەیە تورکیا دەست بەسەر ناوچەی ستراتیجی زیاتردا بگرێت لە سوریا، ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە.
لە دوای دەستبەكاربونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پرسی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا ناو بەناو دەبێتە باس و خواس و پێشتر چەند میدیایەكی ئەمریكی هەواڵی كشانەوەی سوپای ئەمریكایان لەماوەی (30بۆ 90) رۆژدا لە سوریا بڵاوكردەوە، بەڵام كاتێك رۆژنامەنوسان لەبارەی ئەو پرسە پرسیاریان لە ترەمپ كرد، بێ ئاگایی خۆی لە بڕیارێكی لەوشێوەیە دەربڕی و وتی نازانم سەرچاوەی ئەو زانیارییانە كوێیە.