هەرێم نیوز
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی کارەبا گرێبەست بکات بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ ناوچەی باکور.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی دابینکردنی کارەبا، ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی کارەبا گرێبەست بکات بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ ناوچەی باکور بەو بڕەی کە گرێبەستی لەسەر کراوە و دەگاتە (500) مێگاوات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوەی بەڵێندەران لە ئەنجامی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی دا لەسەر پەسەندکردنی پابەندبوونی وەزارەتی تەندروستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (24241 ی ساڵی 2024) سەبارەت بە پرۆژەکانی نەخۆشخانەکانی نەهروان و حوسێنیە و حەکیم و گەرمە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەروەها ڕەزامەندی درا لەسەر دەسەڵاتدان بە وەزیری ژینگە، بۆ دانوستان و واژۆکردن لەسەر پڕۆژەی رێککەوتننامەی نێوان ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو)، وەک قەوارەی باوەڕپێکراو لە سندوقی کەشوهەوای سەوز، و حکومەتی عێراق.