دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

ناتانیاهۆ و ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

هەرێم نیوز 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوەکردەوە کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین "پاداشتێکی گەورە دەبێت بۆ تیرۆر".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، نەتەنیاهۆ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ماکرۆن جەختی لەسەر دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کردوەتەوە، بەو پێیەی کە ئەوە نوێنەرایەتی "پاداشتێکی گەورە بۆ تیرۆر دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، نەتەنیاهۆ بە سەرۆکی فرەنسای ڕاگەیاندوە کە "تا ئەمڕۆ هیچ بەرپرسێکی فەلەستینی، بە دەسەڵاتی فەلەستینیشەوە، 7ی (تشرینی یەکەم/10)ـی سەركۆنە نەکردوە، هەروەها دەسەڵاتی فەلەستین ڕێنمایی وەردەگرێت بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل و پاداشتی دارایی دەدرێت بە بکوژانی جولەکە".

نەتەنیاهۆ باسی لەوەشكردوە، دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی بە دوری چەند خولەکێک لە شارەکانی ئیسرائیلەوە، دەبێتە قەڵایەکی بەهێز بۆ "تیرۆریزمی ئێران" و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئیسرائیل بە توندی دژایەتی دەکەن و ئەوەش سیاسەتی بەردەوام و درێژخایەنی ئەویشە.

لە لایەکی دیکەوە ماکرۆن ڕاگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەتەنیاهۆ جەختی لەسەر پێویستی ئاگربەست لە غەززە و چەکداماڵینی حەماس کردەوە .

وتوشیەتی، کردنەوەی هەمو دەروازەکان بۆ یارمەتییە مرۆییەکان پێویستیەکی بەپەلەیە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە و ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەبێت دۆخی نالەباری دانیشتوانی مەدەنی لە غەززە کۆتایی بێت ".

ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی دوشەممە، سەرچاوەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتی فەڵەستین ئاشکرای کرد کە ماکرۆن، مەحمود عەباسی سەرۆکی فەلەستینی ئاگادارکردەوە کە فەرەنسا بە جددی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر بنەمای سنورەکانی ساڵی 1967 لە ماوەی چەند مانگی داهاتودا دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP