هەرێم نیوز
خۆڵبارینێكی چڕ شارەكانی عێراقی گرتووەتەوە و تەنیا لە پارێزگای میسان، 656 كەس باری تەندروستییان تێكچووە.
بەپێی زانیارییەکان تەنها لە پارێزگای میسان 656 کەس باری تەندروستییان تێکچووە و بەسەر12 نەخۆشخانە و ژووری فریاکەوتندا دابەشکراون لە سەرانسەری پارێزگاکەدا.
بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی پێنج پارێزگا تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی و گرفتی هەناسەدانیان تۆمار کردووە. لە پارێزگای بەسرە 749 حاڵەت، لە موسەننا 700حاڵەت، لە دیوانییە 322 حاڵەت، لە زیقار 174 حاڵەت و لە نەجەف150 حاڵەت تۆمار کراون.
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداریان داوە کە لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆڵبارین لە بەشێک لە شارەکانی عیراق، رێژەی تووشبووان بە تەنگەنەفەسی و گرفتە هەناسەییەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە تاکوو بارودۆخی خۆڵبارینەکە کەم دەبێتەوە و ئاستی تۆزوخۆڵ لە هەوادا دادەبەزێت.
پێشبینی دەکرێت چەند ڕۆژێکی دیکە ئەم دیاردەیە لە ناوچەکانی باشووری عیراق بەردەوام بێت، کە ئەمەش مەترسیی زیاتر بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دروست دەکات.