هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەمە، عەباس عێڕاقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کورتەیەک لە پێشهاتەکانی دانووستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکای بۆ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێڕاقی خستەڕوو.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کە فوئاد حوسێن ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن عەباس عێڕاقچی، وەزیرەی دەرەوەی ئێران پێگەیشتووە، لە پەیوەدنییەکەدا پووختەیەکی لە دواین پێشهاتەکانی دانووستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عوومان بۆ وەزیری دەرەوەی عێڕاق باسکردووە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاندووە، کە "دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە باشی بەڕێوەچوو"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران گفتوگۆی لەسەر کراوە".
عێڕاقی دووپاتی کردۆتەوە، کە "بەم نزیکانە خولی دووەمی دانووستانەکان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، کە ئەویش لەژێر سەرپەرشتی سەڵتەنەتی عوماندایە".
لای خۆیەوه فوئاد حسێن خۆشحاڵی خۆی به بەردەوامی گفتوگۆکان دەربڕیوە و ڕۆڵی ئەرێنی سرڵتەنەتی عومانی له ئاسانکاری بۆ دانووستانه بەرز نرخاند و پاڵپشتی عێڕاقیشی دووپات کردۆتەوە بۆ هەر هەوڵێک که به شدار بێت له دەستەبەرکردنی ئاسایش و سه قامگیری بۆ ناوچەکه.
وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی فەرمی پێشکەش بە فوئاد حوسێن بۆ "سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە چوارچێوەی پشتیوانی لە وتوێژی دوو قۆڵی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات" کردووە.
دانووستانەکانی ئەمریکا و ئێران دوای چەندین ساڵ لە چەقبەستوویی سیاسی و ئاڵۆزی پەیوەندییەکان دێت، بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨.