دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 پێش 3 هەفتە

تەندروستی غەززە ئامارێکی نوێی قوربانییانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز 

تەندروستی غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگەوە 50 هەزار و 609 کەس گیانیان لەدەستداوە و 115 هەزار و 63 کەسیش برینداربوون. تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، 86 کەس بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و287 کەسیش برینداربوون.

ئەمڕۆ شەممە 5ی 4ی 2025، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لەوکاتەوەی ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان کردووەتەوە، هەزار و 249 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 22 کەسیش برینداربوون. بەمجۆرە، لە 07-10-2023ـەوە بەهۆی جەنگەوە 50 هەزار و 609 کەس گیانیان لەدەستداوە و 115 هەزار و 63 کەسیش برینداربوون.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەستیپێکرد و لە ئادار کۆتایی پێهات، ئاگربەستەکە 42 رۆژی خایاند. لە سەرەتای ئادار ئیسرائیل داوایکرد ئاگربەست درێژبکرێتەوە، بەڵام حـ.ـەماس رەتیکردەوە، داوایکرد بچنە قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە. 

ئیسرائیل بە قۆناغی دووەم رازینەبوو، لە 18-03-2025 دەستی بە بۆردوومان کردەوە و ئۆپەراسیۆنی زەوینیشی دەستپێکرد. 

دوێنێ هەینی، بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شاری غەززە لە باکوور، شاری رەفەح و خان یونس لە باشوور و چەند ناوچەیەکی دیکە، 30 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لە دەستدا.

دوێنێ کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حـ.ـەماس رایگەیاند، نیوەی بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانانەن، کە ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی دەکات و دواتر بۆردوومانی دەکات.

ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی سەربازیی حـ.ـەماس وتی، ئەوان بڕیاریانداوە شوێنی بارمتەکان نەگۆڕن، بەڵکو لەژێر رێوشوێنی ئەمنیی تووند پارێزگارییان لێبکەن و وتیشی، ژیانیان لە مەترسیدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP