دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

ڕێبەریی خۆسەر دژی ڕەشنووسی دەستووری سوریا ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەبارەی ڕەشنووسی دەستووری سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم ڕاگەیەندراوە گوزارشت لە عەقڵیەتی تاکڕەوی دەکات کە درێژەی حاڵەتی پێشووی سووریایە کە گەل دژی ڕاپەڕی".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە پێچەوانەی راستیی سووریا و فرەیی بوونی ئەم وڵاتەیە، هەروەها ساختەکردنێکی راستەقینەی ناسنامەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی سووریایە، چونکە ئەم ڕاگەیاندنە لە نیشانە و ڕووحی خەڵکی سووریا و پێکهاتە جیاوازەکانی وەک کورد و تەنانەت عەرەب و سریان و ئاشوور و پێکهاتە نیشتمانییەکانی دیکەی سووریا بێبەشە".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: هەروەها جەخت دەکەینەوە کە ئەم راگەیاندنە پێوەرەکانی فرەچەشنی نیشتمانی سووریای تێدا نییە و لە بەشداری راستەقینەی پێکهاتە نیشتمانییەکانی سووریا بەتاڵە، بۆیە جارێکی دیکە ئەم راگەیەندراوە گوزارشت لە 'عەقڵیەتی تاکڕەوی' دەکات کە درێژەی حاڵەتی پێشووی سووریایە کە گەل دژی راپەڕی".

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، ئەم راگەیاندنە گوزارشت لە خواستەکانی گەلەکەمان ناکات و درک بە ناسنامە رەسەنەکەی سووریا ناکات و بە شێوە و چوارچێوەیەکی "تێکدەری هەوڵەکانی بەدیهێنانی دیموکراسی راستەقینە لە سووریا" دادەنرێت.

جەختی لەوە کردووەتەوە: بەندەکانی لە سووریا و ئاواتی گەلەکەی دوورن. چونکە دەستووری راستەقینە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدار دەبن و لەسەری ڕێکدەکەون وەک رێڕەویی دیموکراتی بەردەوام بۆ داهاتووی سووریا و نەوەکانی داهاتووی. هیوادارین هەندێک کردەوە و بیرۆکەی تەسک نەمانبەنەوە بۆ خاڵی سفر، چونکە ئەمە جارێکی دیکە برینی سووریا دەکولێنێتەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ، کۆمیتەى پسپۆڕانى ڕاسپێردراو بۆ داڕشتنى ڕاگەیەندراوی دەستوورى سووریا، رەشنووسەکەیان ڕادەستی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کرد، کە ئەویش واژۆی کرد و قبوڵکرا.

عەبدولحەمید عەواک، ئەندامی لیژنەی داڕشتنی دەستووری سوریا ڕایگەیاند، ڕەشنووسەکە لەسەر بنەمای ئەنجامی "دانیشتنی دیالۆگی نیشتمانی" داڕێژراوە و ماوەی گواستنەوەی پێنج ساڵەی بۆ دابینکراوە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە کە زمانی عه‌ره‌بی زمانی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ته‌.

لە خاڵێکی ڕەشنووسەکەدا هاتووە، كۆماری "عه‌ره‌بی" سووری، وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و خاوه‌نی سه‌روه‌ریی ته‌واوه‌تییه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ سه‌روه‌ریی جوگرافی و سیاسیی و دابه‌ش ناكرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP