هەرێم نیوز
واشنتن هەڕەشەکانی لەسەر عێراق توندتر دەکاتەوە و بابەتەکەش بووەتە رۆژەڤی لایەنە عێراقییەکان و لەنێویاندا سەرکردەکانى شیعە و تەنانەت بەشێک لەسەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی مۆبایلەکانیان کوژاندووەتەوە، دەگوترێت دواى ئەوەى ئەمریکا بریاری راگرتنى غازی ئێرانى دەرکرد لە لایەن عێراقەوە پێدەچێت سزای دیکەشى بەدوادابێت، کەچى لایەنە عێراقییەکان ئەم کارە بە دنەدان و ختووکەدانى هەڵوێستى لایەنە عێراقییەکان شرۆڤەى دەکەن و بەشێکى دیکەشیان بووەتە خەمی شەوو رۆژیان و پێیان وایە هەروابەئاسانى لێی دەربازنابن و هۆکارى سەرەکیش نزیکایەتى و وابەستەییانە بە ئیرانەوە.
چوار ئەندامی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنە جیاوازەکان بە رۆژنامەى مەدایان راگەیاندووە بەشێک لەسەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەچنە نێو سزای داهاتووی ئەمریکاوە و بەو هۆیەوە هەر لە ئێستاوە مۆبایلەکانیان کوژاندووەتەو وەڵامی هیچ پەیوەندییەک نادەنەوە، ئەمانە ئەوانە دەگرێتەوە کە لە ئێرانەوە نزیکن، بەڵام لەنێو سەرکردەکانی چوارچێوەى هەماهەنگیدا کەسانى دیکەشیان تێدایە میانڕەون و پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکادا پێباشە و بگرە بە پێویستیشى دەبینن.
لە هەمان کاتدا محەمەد دەراجی راوێژکاری سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە هەرکەسێک بڵێت ئەمریکا سزاى عێراق نادات یان درۆدەکات یان خۆی لە گێلێتى دەدات، لە لایەکی تریشەوە قەیس خەزعەلیش گوتوویەتى ئەوانەى کە دنەى ئەمریکا دەدەن بۆ ئەوەى سزاى عێراقییەکان بدات لەناوخۆی وڵاتدان و بەشێکن لە گروپە چەکدارەکانى عێراق، بە بێ ئەوەى ناوى هیچ کەس و لایەنێک بهێنێت.
باسم عەوادی گوتەبێژى حکومەتى عێراقیش رایگەیاند حکومەت بۆ رووبەڕوو بووەنەوەى وەها بارودۆخێک سیناریۆی جۆراوجۆری ئامادەکردووە، بۆ ئەوەى راگرتنى غازی ئێرانى کاریگەریی لەسەر عێراق دروستنەکات، بەگوێرەى راپۆرتەکان عێراق رۆژانە پەنجا ملیۆن مەرت سێجای لە ئێران کڕیوە و بەهاکەشى بە دۆلار داوە بە ئێران.
زیاد عەلى فازڵ وەزیری کارەباى عێراقیش رایگەیاند راگرتنى غازی ئێران زیانى هەشت هەزار مێگاوات لە کارەباى عێراق دەدات، کە لە 2009 ـەوە بەڕێگەى بۆری پێیان گەشتووە و ژمارەیەکى زۆر لە وێستگەکانی کارەبان پێخراوەتە گەڕ.
محەمەد عەبد رەبە سەرۆکی لیژنەى کارەبا لە پەرلەمان رایگەیاندووە لە ئێستادا عێراق هیچ جێگرەوەیەکى بۆ غازی ئێرانى لەبەردەستدا نییە، ئەوەى دۆخەکەشى ناهەموارکردووە هاوینێکى گەرممان لەپێشەوە و پێویستى زۆرمان بە کارەبا هەیە.
ئەمریکاش باوەڕی وایە بەردەوامی هێنانى غاز و کارەبا لە ئێرانەوە قەڵەمڕەوی هێزە ئێرانییەکان لە عێراق فراوانتر دەکات و پشتیوانى گروپ و میلشیا چەکدارەکانیان دەکات، بۆیە لەمەودوا ئەگەر بەردەوام بێت بە نایاسایی لەقەڵەم دەدرێت.
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێرانیش رایگەیاند ئەوەى لە دژى ئێران دەکرێت تاوانى دژە مرۆڤایەتییە، پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لەبەر ئەوەى تاوانە تاکلایەنەکانی ئەمریکا دژە بە گەلی ئێران و هیچ پاساوێکى یاسایی هەڵناگرێت.
هەرچەندە پێشتریش عێراق هەوڵیداوە لە وڵاتانى دیکەوە غاز هاوردە بکات بەڵام بەهۆکاری جیاواز سەری نەگرتووە و لەمپەرى هاتووەتە پێش، شارەزایان هۆکارەکەى بۆ بابەتە جوگرافییەکان وپێگەى عێراق دەگەڕێتەوە ،
وەلید سەهلانیش ئەندامی پەرلەمانە لەسەر فراکسیۆنى بەدر باس لەوە دەکات عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی ماوەی هێنانى غاز و کارەباى ئێرانیان بۆ درێژبکاتەوە بەڵام تا ئێستا رازیی نەبوون، بەڵام عەلى شەداد گوتەبێژى لیژنەى نەوت و غازلە پەرلەمان پێی وایە عێراق بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى غازەکەى پەنا دەباتە بەر وڵاتانى کەنداو، بەوەش سزاکانی سەرى سوکتر دەکات.
سەعدون لامی ئەندامی لیژنەى نەوت و غازی پەرلەمانیش دەڵێت: عێراق هیچ ئەڵتەناتیڤێکى نییە کە جێگەى غازەکەى ئێران بۆ عێراق پڕبکاتەوە.